الاثنين، 10 مايو 2010

نـوری بـریـمـۆ: "ژن‌و كچمان سوكایەتیان پێبكرێت تەماشاكەر نابین"




























دیدار: راستی نوری حەمید
كـۆواری خـێزان

 نوری بریمۆ، تەمەن پەنجاو یەك ساڵ، لەشاری عەفرینی رۆژئاوای كوردستان لەبنەماڵەیەكی نیشتمانپەروەر لەدایكبووە، دەرچوی كۆلێژی زانستە بەشی كیمیا لەزانكۆی حەلەب، لێپرسراوی راگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردە لەسوریا، سەرنوسەری رۆژنامەی ژنی كورد بووە، وەكخۆی ئاماژەیپێكرد رێبەرایەتی چەندین خۆپیشاندان‌و مانگرتنی كردووە  لەدژی رژێمی سوریا، لەدیدارێكی تایبەتی گۆڤاری خێزاندا، وەڵامی چەندین پرسیار سەبارەت بەدۆزی ژن‌و ژیانی خێزانی‌و بەراوردی بارودۆخی ژن لەعێراق‌و سوریا‌و هەڵسەنگاندنی بزاڤی نەتەوەیی لەرۆژئاوای كوردستان دەداتەوە..
ئێوە رەوشی كۆمەڵایەتی كوردستان‌و رەوشی خێزانی بەتایبەت ئازادی ژن‌و مافەكانی چۆن دەبینن؟

لەراستیدا كورد جیاوازییەكی مەزنی هەیە لەگەڵ گەلانی رۆژهەڵاتدا، بەوەی عورف‌و عادات‌و كلتوریان لەگەلانی دیكەی ناوچەكە پێشكەوتوترە، بەتایبەت لەروی تواناكانی ئازادی خێزانی‌و پەیوەندییەكان لەناو كۆمەڵگەی كوردەواریدا،  ژن ئازادە، لەبەندەكانی ئاییندا هاتوە كە زیاتر جەخت لەسەر ئازادی ژن‌و وەرگرتنی مافەكانی لەناو كۆمەڵ‌و خێزاندا دەكاتەوە، بەڵام هەمومان دەزانین كە هەندێك حاڵەتی نەشاز هەیە كە رێگریی‌و كێشە‌و گرفتەكان لەبەردەم مافی ژندا دروستبكات، هەروەها دەتوانم بڵێم كە كۆمەڵگەی ئێمە تائێستا هەم كۆمەڵگەیەكی كراوەیە، هەم كۆمەڵگەیەكی پارێزگاریكەرە، بەڵام ژنی كورد لەگوندەكاندا خۆی سەلماندوە، راستە لەهەندێك ناوچە جیاجیاكانی كوردستان ستەم‌و بێبەشی ژیان‌و توندوتیژی سێكسی‌و فرەژنی‌و بێبەشی لەمافە مەدەنییەكان لەگەڵ ژن پیادەدەكرێت، بەڵام هەوڵی چاكسازیی لەئارادایە، ئاستی خوێندەواری ژنان روو لەزیادبونە، ئەمەش لەئازادی ژن‌و بەشداربونی لەسیاسەت‌و بەڕێوەبردن‌و یاسادانان، تەنانەت لەجێگرتنی سروشتی خۆی لەناو بنەماڵەدا، دەبینێتەوە.
پێشتر سەرنوسەری رۆژنامەی "ژنی كورد" بوون، كە لەلایەن پارتەكەتانەوە پشتگیری دەكرا، بۆچی كەسایەتی ئێوە هەڵبژێردرا، چۆن پەسەندت كرد، ئایا سەركەوتوبویت؟

لەبەرئەوەی كە من لەبنەماڵەیەكی رۆشنبیرم‌و رێز بۆمافی ژنان دادەنێین، هەروەها لەبەرئەوەی كە زانیاریی‌و بایەخدانێكی زۆرم هەیە بۆدۆزی ژنان، زیاتر لەسێ‌ ساڵە وەك سەرنوسەری رۆژنامەی "ژنی كورد" كارمكردوە، كە چەندین خوشك لەگەڵ مندا كاریانكردوە، ئەو رۆژنامەیە بەردەوام دوو مانگ جارێك دەرچوو، لەبەرنەبونی كادیری ژن بۆبەرێوەبردنی كاروباری رۆژنامەكە منیان دەست نیشانكرد، بەڵام لەدوای سێ‌ ساڵ كاركردن هەوڵماندا تاوەكو كادیری ژن پێبگەیەنن، بۆئەوەی خۆیان رۆژنامەكە بەرێوەبەرن، لەم هەوڵەیشدا سەركەوتوبوین.
زۆربەی كاتەكانی ژیانت بۆكار‌و خەباتی سیاسی تەرخانكردووە، ئایا چۆن دەتوانیت هەماهەنگی گونجاو بكەیت لەنێوان لەئیشوكاری سیاسی‌و بەرپرسیارێتی خێزانیت؟
لەراستیدا كاری سیاسی تائێستا زۆر سەرقاڵی كردوم، بزاڤ‌و جوڵانەوەی ئێمە بەنهێنی‌و زەحمەت‌و پڕمەترسیداریی بووە، هەروەها شێوازەكانی پەیوەندی حیزبی سەرەتایی بوون، لەپێشئەوەی كە لەبەشێوازێكی ناچاریی لەكوردستانی سوریا دەربكرێم، كارو خەباتی حیزبی دەرفەتی بایەخدانی بەخێزانم نەداوە، بەڵام ژنەكەم بەشداری لەو خەباتەی مندا كردوەو زۆر یارمەتی داوم‌و كاروباری ناو خێزانەكەم ئەو بەڕێوەی دەبرد.

كەواتە خۆت بەقەرزاری خێزانت دەزانیت، لەمبارەوە چۆن هەڵوێستی خۆت دەردەبڕیت؟
من لەبنەماڵەیەكی جوتیاریی بوم، موڵكدار بووم، لەكاتێكدا مامۆستای گوند بووم دەمتوانی هەماهەنگی گونجاو لەنێوان خوێندنگا‌و كاری حیزبی‌و سەرپەرشتی كاری كشتوكاڵیمدا بكەم، بەڵام ئەگەر یارمەتی هاوسەرەكەم نەبوایە نەمتوانی ئەم هەماهەنگییە بكەم‌و سەركەوتوبم، قەرزاری ژنەكەمم، پێموایە ئەگەر ئێمە ماف بدەین بەژن ئەوكات ژن رۆڵی تەواوی خۆی دەبینێت چ لەئامادەیی مێردەكەیدا‌و چ لەنەبونی مێردەكەیدا، هەستدەكەم قازانجم كردووە كە دەرفەتم بۆ رۆڵی خێزانم رەخساندوە، ئەگینا توشی كێشە‌و گرفتی زۆر دەبوم‌و، نەمدەتوانی لەسیاسەت بەردەوام بم.
بەمپێیە بێت بایەخی زیاتر بەكچەكانت دەدەیت؟
لەنێوان خێزانمدا زیاتر پشتگیری ژن دەكەم، وەكچۆن لەكاتی لەكاركردنم لەگەڵ ژنان وابوم، بەو شێوازەیش پشتیوانی كچەكانم دەكەم لەماڵەوە، ئەمەش لەبەرئەوەی كە هەستدەكەم لایەنی مێ‌ پێویستی بەهاوكاریی‌و یارمەتیدانە لەلایەنی نێرەوە، چونكە لەناو كۆمەڵگەیەكی پیاوسالاریدا ستەمی زۆر لەژنان دەكرێت، كوڕەكانم پیانناخۆشە بەو شێوەیە بایەخی زیاتر دەدەم بەكچەكان، هەمیشە كوڕەكانم پیاندەوتم تۆ بۆ باوكی كچانی، ئەمەش بەومانایە نایەت كە مافی كوڕەكانم پێشێل كردبێت، پێموایە دەبێت پیاو هاوكاریی ژن بكات. لەبەرئەوەی كە ژن مەزڵومە.
پێتوانییە رەوشی ژن لەرۆژئاوای كوردستان باشترە تابەشەكانی دیكەی كوردستان؟
هیچ دەرفەتێكی وام بۆنەڕەخساوە تاوەكو سەردانی كوردستانی مەزن بكەم، هەر بۆئەمەش باش ئاگاداری رەوشی كۆمەڵایەتی لەباكور‌و رۆژهەڵاتی كوردستان نیم، لەبەرئەوەی زیاتر لەسێ‌ ساڵە لەكوردستانی عێراق دەژیم بۆمن دەركەوت كە لەكوردستان سوریا‌و بەتایبەت لەناوچەی عەفرین ژن فێربووە‌و زانا‌و خاوەن ئیرادەی ئازاد بووە، لەهەمانكاتدا لەكۆت‌و بەندەكانی كۆمەڵگە رزگاربوە‌و زۆر كراوە‌و پێشكەوتوترە، ژنانی عەفرین لەژنانی ئێرە ئازادترن‌و جیاوازی زۆر لەنێوانیاندا هەیە، بەڵام پێشبینی دەكەم لەماوەیەكی كورتدا ژن لەكوردستانی عێراقدا پێشدەكەوێت، بەهۆی ئەزمونی دیموكراتی كە دەرفەتی باش بۆ ژن دەكاتە‌وە، هێدی هێدی رۆڵی خۆی دەبینێت‌و جێگەی خۆی دەكاتەوە‌و پێشكەوتوتر دەبێت لەژنانی بەشەكانی دیكەی كوردستان.
ئێوە هەڵسوكەوتی بزاڤی رزگاری نەتەوەیی كورد لەرۆژئاوا چۆن هەڵدەسەنگێنن، ئایا دەتوانێت كاریگەری ئیجابی لەسەر رەوشی ژنان بكات، لەكاتێكدا كە جەنابت باس لەبەدەستخستنی هەندێك لەمافەكانیان دەكەیت؟
بزاڤی نەتەوەییمان رۆڵێكی ئیجابیانەی هەبووە لەچەسپاندنی رۆڵی ژنان‌و بەرگریكردن لەمافەكانی نەتەوەیی‌و دۆزی رەوای گەلەكەمان، هەروەها بزاڤی سیاسی توانیویەتی ژن بخاتەناو ریزەكانی خەباتی سیاسی، سەرەڕای ئەمەش كە لەسوریا خەبات قەدەغەكراوە، ژن لەكوردستانی سوریا لەهەموو بوارێكدا هاوكاری دەكات، لەچالاكییەكانی سیاسی‌و جەماوەریی ئەمڕۆدا زۆر خەباتكارانی لەزیندانەكانی رژێمی سوریا دەستبەسەرن هەر كارێك بەسترابێت بەخەباتی سیاسی نەتەوەیی خێزانی كورد رێگە بەكوڕ‌و كچەكانی دەدات بۆپارێزگاریكردن لەماف‌و داواكارییەكانی نەتەوەكەیان.
هەروەها دور لەدەسەڵاتی پیاو، ئەگینا لەژێر هەر هۆكارێكی نارێك یان عورف‌و عاداتدا ئەوكات نیوەی كۆمەڵگەی ئێمە توشی ئیفلیجبون دەبێت، لێرەوە ئێمە بێدەنگ نابین‌و وەك تەماشاڤان تەماشاناكەین كە ژن‌و كچمان لەژێر ئەشكنجەی ژیاندا بژین‌و هەموو جۆرە سوكایەتییەكیان پێبكرێت.
چ بكرێت بۆئەوەی رۆڵی زیاتر بدرێت بەژنان لەهاتنە پێشەوەیان بۆ ناو كایە جیاوازەكانی كۆمەڵگا؟

هەروەها لەمبارەوە دەبێت مرۆڤ دەست بەچالاكییە جۆربەجۆركانی بكات، بۆئەوەی چەمكی ئازادی ژن بەشێوازێكی باش بەرەو پێش ببرێت، دەبێت پرانسیپی پەیوەندی راستەوخۆ لەگەڵ ژناندا دروست بكەین بۆئەوەی بواری ژیان چ لەماڵ‌و چ لەدەرەوەی ماڵدا بدرێت رۆڵی خۆیان لەئاوەدانكردنەوەی وڵات‌و خزمەت بەگەلدا هەبێت.

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق