نوری بریمۆ
به‌رپرسی ڕاگه‌یاندنی حزبی دیموكراتی كورد له سوریا(پارتی) له كوردستانی عیراق.
وه‌رگێڕانی له عه‌ره‌بییه‌وه: راستی نوری حەمید
له كاتێكدا كه مه‌ره‌كه‌بی ده‌ستوری عیراقی فیدرالی دیموكراتی یه‌كگرتوو هێشتا ووشك نه‌بۆته‌وه، ئه‌و عیراقه‌ی كه به دۆخێكی سیاسی هه‌نووكه‌یی دژوار‌دا تێده‌په‌ڕێت له‌به‌رئه‌وه‌ی كه ئه‌م وڵاته ڕوبه‌ڕووی چه‌ندین گۆسپ و ته‌گه‌ره‌ی ناخۆیی و چه‌ندین ته‌ڵه‌زگه‌ی ئیقلیمی بۆته‌وه، هه‌روه‌ك له ساته‌وه‌ختێكدا كه ڕه‌نگی په‌نجه په‌مه‌ییه‌كان هێشتا نه‌سڕابوونه‌وه، ئه‌و په‌نجانه‌ی كه به(به‌ڵێ) ده‌نگیان دا بۆ ده‌ستوری هه‌میشه‌یی عیراق كه به كۆڵه‌كه‌ی ده‌وڵه‌تی حه‌قڕه‌وایی و یاسا داده‌نرێت و نابێت و ناكرێت هیچ ده‌نگێك سه‌رووی ده‌نگی ده‌ستوره‌وه بكه‌وێت، ته‌نها ده‌نگی ده‌ستوره‌كه خۆی نه‌بێت...!
له‌م باروودۆخه هه‌نووكه‌ییه‌دا كه پێویسته تێیدا په‌نا ببرێت بۆ ڕێگه‌ی ژیریی و ئاشته‌وایی نیشتمانی له ڕێگه‌ی چڕكردنه‌وه‌ی هه‌وڵ و ته‌قه‌للای هه‌موو عیراقییه‌كانه‌وه به عه‌ره‌ب و كورد و شیعه و سوننه و سه‌رجه‌م پێكهاته‌كانی تریشیانه‌وه به‌ره‌و دیموكراسی و به فیدرالی كردنی وڵاته‌كه‌یان، ئه‌ویش له ڕێگه‌ی جێبه‌جێكردنی بڕگه‌كانی ده‌ستوری هه‌میشه‌یی عیراق به‌بێ هیچ لێهه‌ڵبژاردن و پارچه پارچه‌كردنێك له مادده‌كانیدا كه پێویسته به شێوه‌یه‌كی ڕێكخراو‌و یاسایی و ته‌واوكاری مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بكرێت، واتا زۆر به شێوه‌یه‌كی ورددتر، له نێوان ئه‌و ئه‌ركانه‌شدا جێبه‌جێكردنی مادده‌ی(140)ی ده‌ستور سه‌باره‌ت به ئه‌و ناوچه كوردییانه‌ی كه له ئامێزی سروشتی كوردستان دابڕاون. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه هه‌مووان باش ده‌زانن كه ده‌ستوری هه‌میشه‌یی وڵات ده‌بێت مه‌ودایی باشی به‌رده‌وامی هه‌بێت به جۆرێك كه قابیلی هه‌مواركردن نه‌بێت له‌نێوانی شه‌وو ڕۆژێكدا، هه‌روه‌ك ده‌بێت ده‌ستور گه‌وره‌ی خۆی بێت و په‌رله‌مان هیچ سه‌روه‌رییه‌كی به‌سه‌ریدا نه‌بێت ته‌نها له كاتی زۆر پێویستدا نه‌بێت كه باروودۆخی زۆر تایبه‌تی ده‌یسه‌پێنێت، به تایبه‌تی ئه‌و باروودۆخانه‌ی كه له لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نیشتمانیه‌وه دیاری ده‌كرێت. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه سه‌رجه‌م ڕاسپارده‌كان جه‌ختیان له‌سه‌ر ئه‌وه كردۆته‌وه كه به‌ڕێوه‌چوونی كاری په‌رله‌مان هاوتا بێت له‌گه‌ڵ هه‌ڵوێستی هه‌موو كوتله په‌رله‌مانییه به‌شداربووه‌كان له پرۆسه‌ی سیاسی‌دا له نێوانیشیاندا له‌به‌رچاوگرتنی هه‌ڵوێستی لیستی هاوپه‌یمانی كوردستان كه ناچاربوو له‌و دانیشتنه پاشه‌كشه بكات كه تیایدا سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عیراق سوور بوو له‌سه‌ر به‌ڕێوه‌چوونی و سه‌پاندنی ده‌نگدانی نهێنی تیایدا (به‌بێ لیستی كوردستانی) و هه‌ر له‌و دانیشتنه‌دا یاسای هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان ده‌نگی له‌سه‌ر درا و په‌سه‌ند كرا، ئه‌ویش له ژێر كاریگه‌ری هاندانێكی به مه‌به‌ست و پڕكینه‌ی ڕاسته‌وخۆ له لایه‌ن ناوه‌نده شۆڤێنیه‌كانه‌وه، ئه‌وانه‌ی كه هه‌میشه له قۆستنه‌وه‌ی ده‌رفه‌تێكی ئاوه‌ها ده‌گه‌ڕان بۆ ئه‌وه‌ی تاوانێك ئه‌نجام بده‌ن له بابه‌تی هاندانی زۆرینه بۆ بایكۆتكردن و لاوازكردنی پێكهاته‌ی كوردی له‌و ده‌ستكه‌وته عیراقییانه‌ی به‌ده‌ستهاتوون له دوای ئه‌وه‌ی ئه‌م پێكهاته‌یه هه‌موو ئه‌ركه‌كانی خۆی به‌رامبه‌ر عیراق به‌جێهێنا له دوای ڕووخانی ڕژێمی له‌ناوچووی به‌عس. له كاتێكدا كه زۆرێك له چاودێرانی سیاسی و شاره‌زایان و پسپۆڕانی بواری یاسا و ئه‌وانه‌ی بایه‌خدارن به باری هه‌نووكه‌یی عیراقه‌وه ته‌ئكید له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كه‌نه‌وه كه ئه‌وه‌ی ڕۆژی سێشه‌ممه ڕێكه‌وتی 22/7/200 ڕوویدا له‌ناو دانیشتنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراقدا و له كاتی چوونه‌ده‌ره‌وه‌ی لیستی كوردستانی و خۆبه‌دوور خستنی هه‌ردوو جێگره‌كه‌ی سه‌رۆكی په‌رله‌مان ده‌رباره‌ی په‌سه‌ندكردنی یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كان، ئه‌وه هه‌نگاوێكی په‌له و ناده‌ستوری و پێچه‌وانه‌ی ته‌وافوقی نیشتمانی بوو، ئه‌وه‌ش ماف به هاوپه‌یمانی كوردستانی ده‌دات كه گومانی له‌سه‌ر دروست بكات و شێوازه‌كانی ده‌ستنانه بینه‌قاقا ڕه‌تبكاته‌وه و ناڕه‌زایی به‌رامبه‌ر به شه‌رعیه‌تی ئه‌و ده‌نگدان و په‌سه‌ندكردنه و ئه‌و شێوازه نایاساییه‌ی كه یاساكه‌ی پێ په‌سه‌ندكرا، ده‌رببڕێت و مافی به‌كارهێنانی ڤیتۆ بداتی به‌رێز جه‌لال تاڵه‌بانی سه‌رۆك كۆمار كه ئه‌ویش بڕیاره‌كه ڕه‌تده‌كاته‌وه، ئه‌وه‌ش ده‌بێته‌هۆی په‌كخستنی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان له سه‌رتاسه‌ری عیراقدا.. به تایبه‌تیش كه هه‌ندێك له‌و لایه‌نانه‌ی كه كۆسپ دروست ده‌كه‌ن و داوا ده‌كه‌ن كه‌ركوك به‌سه‌ر (4) ناوه‌ندی هه‌ڵبژاردندا دابه‌ش بكرێت كه به‌و پێیه له كۆی كورسییه‌كانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك ڕێژه‌ی 32% بدرێته هه‌ریه‌ك عه‌ره‌ب و كورد توركمان و ڕێژه‌ی4% بدرێت به كلدوئاشوورییه‌كان، به‌ڵام خه‌ڵكی كه‌ركود ئه‌مجۆره هه‌نگاوانه بۆ دابه‌ش كردنی پارێزگاكه‌یان ڕه‌تده‌كه‌نه‌وه و به ناڕه‌وای ده‌زانن، به‌ڵكو ئه‌وه بازدانێكی ڕوون و ئاشكرایه به‌سه‌ر ئیراده‌ی زۆرینه‌ی دانیشتوانه‌كه‌ی كه كوردی ڕه‌سه‌نی كه‌ركوكن. له‌وانه‌یه چاكترین وه‌سف بۆ ئه‌مجۆره ڕه‌فتاره نه‌گریسه‌ی كه سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق پێی هه‌ستاوه، ئه‌و قسه‌یه‌ی جێگری یه‌كه‌می سه‌رۆكی په‌رله‌مان (خالید ئه‌لعه‌تیه)ی سه‌ر به لیستی ئیئتیلافی یه‌كگرتووی عیراق بێت كه له كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌نووسی ئاشكرادا ناڕه‌حه‌تی خۆی به‌رامبه‌ر ئه‌و هه‌نگاوه ده‌ربڕی و وتی "گه‌مژه‌ییه به‌وجۆره ده‌نگ له‌سه‌ر یاسایه‌كی ئاوه‌ها گرنگ بدرێت له كاتی كشانه‌وه‌ی پێكهاته‌یه‌كی ته‌واو له دانیشتنی ده‌نگدان له‌سه‌ر یاساكه"، هه‌روه‌ها ئه‌لعه‌تیه پێیوابوونی خۆی ده‌ربڕی و ڕایگه‌یان كه پێده‌چێت سه‌رۆك كۆمار مافی ڤیتۆ له دژی یاساكه به‌كاربهێنێت و ڕه‌وانه‌ی په‌رله‌مانی بكاته‌وه، ئه‌وه‌ش زۆر به دڵنیاییه‌وه ده‌بێته‌هۆی په‌كخستنی هه‌ڵبژاردنه‌كان.
له ئه‌نجامی ئه‌م زیاده‌ڕۆییه ئه‌نقه‌سته به‌سه‌ر ده‌ستوردا، سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان ناڕه‌زایی و نیگه‌رانی توندی خۆی به‌رامبه‌ر به‌م ڕه‌فتاره بێ وێنه‌یه ده‌ربڕی و پێیوایه سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عیراق و ئه‌وانه‌ش كه پاڵپشتیان كردووه له‌و هه‌نگاوه‌دا، سه‌رپێچیه‌كی ده‌ستوری و پێشێلكارییان له دژی په‌یڕه‌وی ناوخۆی ئه‌نجومه‌نه‌كه ئه‌نجامداوه، كاتێك كه پێكهاتن له‌سه‌ر ڕێكخستنی پرۆسه‌ی ده‌نگدانێكی نهێنی كه له گه‌مه‌یه‌كی سیاسی ده‌چێت و ئامانج لێوه‌ی هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌یه به‌سه‌ر ده‌ستوری عیراقی‌دا و گردبوونه‌وه‌یه‌كی ناڕه‌وا له ده‌وری ئه‌و ته‌وافوقه‌ی كه هه‌ر له‌دوای گۆڕینی ڕژێمی پێشووه‌وه له ساڵی2003وه تاوه‌كو ئێستا پرۆسه‌ی سیاسی عیراقی پێ به‌ڕێوه‌ده‌برێت. سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند كه پابه‌ند نییه به ئه‌نجامه‌كانی ئه‌و پرۆسه ناده‌ستورییه‌ی كه له‌سه‌ر بنامایه‌كی نادروست بونیاتنراوه. سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان دووپاتیشی كرده‌وه كه ئه‌گه‌ر بێت‌و ئه‌و لایه‌نانه وابه‌سته بن به‌مجۆره ڕه‌فتارانه‌یانه‌وه، ئه‌وه پاڵ به سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمه‌وه ده‌نێت چاو بخشێنێته‌وه به سه‌رجه‌م هه‌ڵوێست و هاوپه‌یمانێتیه‌كانیدا، چونكه گه‌لی كورد ئیتر بێزار بووه له‌م سیاسه‌ته نه‌گریس و هه‌ڵوێستانه كه له‌گه‌ڵ ده‌ستور و بنه‌ما ته‌وافوقییه‌كانی ئه‌و پرۆسه سیاسیه‌دا ناگونجێن كه ئێستا له عیراقدا به‌رقه‌راره، هه‌روه‌ك داواشی له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران و سه‌رۆك كۆمار و ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی كۆمار كردووه كه به‌رپه‌رچی ئه‌م پرۆژه دووڕوانه بده‌نه‌وه كه ته‌نها خزمه‌ت به‌و ئه‌جیندایانه ده‌كات كه هی عیراق نین و ئامانجیان په‌كخستن و له‌باربردنی كاروانی دیموكراسی نیشتمانی و پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی عیراقه كه ئه‌وه‌ش هه‌وڵێكه بۆ له‌باربردنی و په‌كخستنی ته‌واوی پرۆسه‌ی سیاسی وڵات. وته‌بێژ به ناوی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم هه‌روه‌ها وتی "سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان متمانه‌ی ته‌واوی هه‌یه به‌وه‌ی كه دڵسۆزان و نیشتمانپه‌روه‌ران له‌ناو كوتله سیاسییه‌كاندا ته‌واو به ئاگان له ئاست ئه‌م ڕه‌فتاره نامه‌سئولانه‌دا، له‌به‌رئه‌وه‌ش سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم بانگه‌شه‌ی هه‌موو حزبه‌كان و هێز و كه‌سایه‌تییه‌كان و ڕۆڵه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات كه به یه‌كڕیز بوه‌ستنه‌وه بۆ شكست پێهێنان و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌م پیلانه مه‌ترسیداره".
هه‌ر له‌مڕووه چاره‌نووسسازیه زۆر هه‌ستیاره‌وه له لایه‌ن خۆمانه‌وه پێمانوایه ئه‌وه‌ی كه له په‌رله‌مانی عیراقدا ڕووده‌دات بریتیه له سوكایه‌تی كردن به ده‌ستور و هه‌وڵێكی له‌رزۆكانه‌یه بۆ بایكۆت كردنی پێكهاته‌ی كوردی له نێو هاوكێشه‌ی ده‌ستكه‌وته‌كانی عیراقدا و هه‌وڵێكی نه‌گریسیشه بۆ شێواندنی ناوه‌رۆك و چوارچێوه‌ی سیستمی فیدرالی عیراقی نوێ كه كار بۆ جێگیركردنی ده‌كرێت.
له‌م سۆنگه‌یه‌شه‌وه بانگه‌شه‌ی ڕای گشتی جیهانی و به تایبه‌تی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان ده‌كه‌ین كه ته‌ده‌خولی پۆزه‌تیڤانه بكات بۆ ئه‌وه‌ی ئاوه‌كان بچنه‌وه ناو جۆگه‌له‌ی ئاسایی خۆیان له ڕێگه‌ی جێبه‌جێكردنی ده‌ستوره‌وه به تایبه‌تیش مادده‌ی (140) و ڕاگرتنی پاشاگه‌ردانی له‌مجۆره كه هه‌ندێك له نابووته‌كان له‌ناوه‌وه و ده‌ره‌وه‌ی په‌رله‌مانی عیراق كار بۆ هه‌ڵگیرسانیان ده‌كه‌ن، هه‌روه‌ك ده‌نگی خۆشمان ده‌خه‌ینه پاڵ ده‌نگی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان و پشتیوانی هه‌ڵوێسته مه‌بده‌ئیه‌كانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان به‌ڕێز مه‌سعود بارزانی و سه‌ركردایه‌تی سیاسی كوردستانی ده‌كه‌ین كه به‌رده‌وام به ژیری و عه‌قلانیه‌ت و پشوودرێژییه‌وه پابه‌ند بووه و هه‌میشه چاره‌سه‌ری دیموكراسی و ئاشتیانه‌ی پێباشتر بووه له هه‌وڵدان و داكۆكی كردنیدا له ده‌ستكه‌وته‌كانی كورد و كوردستان و عیراق، به مه‌رجێك لایه‌نه‌كانی تری عیراق پاشگه‌ز نه‌بنه‌وه له‌و به‌ڵێن و په‌یمانانه‌ی كه به‌خۆیانداوه بۆ خزمه‌تی عیراقی ئێستا و دواڕۆژ.
ليست هناك تعليقات:
إرسال تعليق