ن: نـوری حەمید بـریـمـۆ
وه‌رگێڕانی له عه‌ره‌بییه‌وه:راستی نوری حەمید
واپێده‌چێت ئه‌وروپییه‌كان به ڕاستی بیانه‌وێت ده‌رفه‌تێكی تری گونجاو بده‌نه توركیا، ئه‌و توركیایه‌ی كه تای لێهاتووه و ڕاده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی بگاته ڕه‌ڕه‌وه‌ی شارستانییه‌تی ئه‌وروپا له ڕێگه‌ی گه‌مه‌كردن و ناڕه‌حه‌تكردنی ئه‌وانی تره‌وه بۆ ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر كورسی په‌رله‌مانه یه‌كگرتووه‌كه‌ی ئه‌وروپا چوارمشتقی لێی دا‌نیشێت!. بۆیه ده‌بینین به‌رده‌وام ئه‌ورپییه‌كان بوار به كرانه‌وه له‌گه‌ڵ توركیا ده‌ده‌ن و ده‌رگاكانی گفتوگۆ كردن له‌گه‌ڵیدا به كراوه‌یی ده‌هێڵنه‌وه بۆ ڕازیكردنی تاوه‌كو خۆی ئاماده بكات بۆ ته‌واوكردنی ئه‌و پێداویستییانه‌ی كه لێی داواكراوه تاوه‌كو خه‌ونه‌كه‌ی به‌دی بهێنێ و له ئاینده‌دا بچێته ڕیزی په‌رله‌مانی ئه‌وروپاوه، ئه‌و په‌رله‌مانه‌ی كه مه‌رجی له‌سه‌ر حكومه‌تی توركیا داناوه كه مه‌رجی ته‌عجیزی نین، به‌ڵكو به واتایه‌كی ووردتر ئه‌و مه‌رجانه جگه له چه‌ند كارئاسانییه‌كی زیاتر بۆ توركیا، هیچی تر نین و هۆكارێكن بۆ خۆسازدانی ته‌ندروستانه‌ی توركیا به‌ره‌و ئاینده‌یه‌كی باشتر، چونكه به پردێكی ستراتیجی گرنگ داده‌نرێت له نێوان ئاسیا و ئه‌وروپادا ناكرێت ده‌ستبه‌رداری ببن. به‌ڵام عه‌قڵیه‌تی ئه‌تاتۆركی شانازیكار به ڕابردوویه‌وه و داخراو به‌سه‌ر خۆیدا، هێشتا دوودڵه و ناتوانێت له ئێستا و ئاینده تێبگات، به‌و پێیه‌ش ناتوانێت د‌رك به ماهیه‌ت و ئه‌گه‌ر و نه‌گه‌ره‌كانی مه‌سه‌له خوزراوه‌كان بكات، ئه‌وانه‌ی لێی داواكراوه به‌دییان بهێنێت له‌و پێناوه‌دا كه له‌وانه‌یه به شێوه‌یه‌كی ڕاشكاوانه بیگه‌یه‌نێت به باوه‌شی ئه‌وروپا به‌وپه‌ڕی ساناییه‌وه، ئه‌وه‌ش له‌به‌ر یه‌كگرتنه‌وه و سه‌رهه‌ڵدانی چه‌ندین به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌ش له‌نێوان هه‌ردوولاكه‌ی ئه‌م هاوكێشه ژیارییه كه هاوسه‌نگ نابێت مادامه‌كی لایه‌نی توركی كه‌نار گرتووه و به ئه‌نقه‌ست له به‌رپرسیارێتییه‌كان خۆده‌دزێته‌وه و خاوه‌خاو ده‌كات و به هه‌ڵواسراوی و نائارامی و ناجێگیری ماوه‌ته‌وه و جارێك مه‌یلی لای ڕاستی ده‌كات و چه‌ند جارێكیش لای چه‌پی. پێده‌چێت دیارترینی ئه‌و به‌رپرسیارێتیانه‌ی كه خراونه‌ته ئه‌ستۆی توركیای كۆششكار بۆ گێڕانه‌وه‌ی نه‌مرییه مێژووییه‌كانی كه هه‌وڵده‌دات بۆ گێڕانی ڕۆڵه ئیقلیمییه‌كانی و په‌یداكردنه‌وه‌ی پله‌و پایه نێوده‌وڵه‌تییه‌كه‌ی به تایبه‌تیش له‌لای خۆرئاوا كه هه‌میشه توركیای به پاسه‌وانێكی جێی متمانه‌ی ده‌روازه‌ی خۆرهه‌ڵات داده‌نا، ئه‌و ده‌روازه‌یه‌ی كه پڕی بوو له چه‌ندین مه‌ترسی له ڕابردوودا، به گشتی مه‌رجه ئه‌وروپییه‌كان بریتین له‌مانه‌ی خواره‌وه:
1- كه‌مكردنه‌وه‌ی دیارده‌كانی عه‌سكه‌رتاریه‌ت و سه‌ركێشییه‌كانی جه‌ندرمه له ناوه‌وه‌ی توركیا و باشكردنی ڕه‌فتاری ده‌وڵه‌ت له بواری مافه‌كانی مرۆڤ و ئازادییه دیموكراسییه‌كان و ڕێزگرتن له مافی گه‌لان.
2- پێویسته حكومه‌تی ئه‌ردۆگان خێرا كێرڤی پرۆگرامی چاكسازییه‌كانی نیشانبدات كه ئێستا په‌كیان كه‌وتووه و تاوه‌كو ئێستا مه‌ره‌كه‌بی سه‌ر كاغه‌زه، ئه‌ویش له‌ژێر كاریگه‌ری چه‌ندین هۆكاردا كه گرنگترینیان ناڕازیبوونی عه‌لمانییه‌كان و دامه‌زراوه‌ی سه‌ربازی توركیایه له ئه‌دای ئه‌م حكومه‌ته ئیسلامیه.
3- دوور كه‌وتنه‌وه له به‌كارهێنانی زمانی به سه‌ربازییكردنی چاره‌سه‌ری قه‌یرانه ناوخۆییه‌كانی و كێشه ده‌ره‌كییه هه‌ڵپه‌ستێردراوه‌كانی له‌گه‌ڵ دراوسێكانی وه‌كو قوبروس و یۆنان و كوردستانی عیراق، ئه‌وه‌ش له ڕێگه‌ی په‌نابردن بۆ ڕێگه‌چاره سیاسییه‌كانه‌وه یه‌كلایی ده‌كرێنه دوور له توندوتیژی.
4- چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی كورد كه له كوردستانی توركیادا هه‌ڵگیرساوه ئه‌وه‌ش به ڕێگه‌ی چاره‌سه‌ری دیموكراسیانه و ئاشتیانه كه بۆ گه‌لی كورد دادپه‌روه‌رانه بێت و له‌گه‌ڵ ده‌قی یاسا و بنه‌ماكانی شه‌رعییه‌تی نێوده‌وڵه‌تی تایبه‌ت به مافی گه‌لان و نه‌ته‌وه‌كان كۆك بێت.
5- دووباره نه‌كردنه‌وه‌ی ئه‌نجامدانی هێرش و ده‌ستدرێژی سه‌ربازی له‌ناو خاكی هه‌رێمی فیدرالی ئارامی كوردستانی عیراقدا كه به شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام دووچاری هه‌ڕه‌شه‌ی توركیا بۆته‌وه به بیانووی ڕاوه‌دوونانی پارتی كرێكارانی كوردستان(په‌كه‌كه).
6- چۆكدادان بۆ ئیراده‌ی نێوده‌وڵه‌تی كه ده‌یسه‌پێنێت به‌سه‌ر توركیادا په‌یوه‌ندی دیپلۆماسی ئاسایی له‌گه‌ڵ كۆماری قوبروسی یۆنانیدا گرێبدات و سه‌رجه‌م كێشه و گرفته هه‌ڵواسراوه‌كان له‌نێوان هه‌ردوولادا چاره‌سه‌ر بكات كه له هه‌مانكاتدا دوو ئه‌ندامن له كۆمه‌ڵه‌ی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كاندا.
7- پێدانی مافی ئازادی دیموكراسی و كه‌سێتی و به كۆمه‌ڵی زیاتر به كه‌مایه‌تیه نه‌ته‌وه‌یی و ئاینی و تایه‌فییه‌كان له‌ناو توركیا.
8- وازهێنان له ده‌ستوه‌ردان له كارووباری ده‌وڵه‌تانی ده‌رو دراوسێ و كۆڵدان له چه‌ند ڕۆڵێكی ئیقلیمی كه كارده‌كاته سه‌ر تێكدانی باری ئارامی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست.
9- دانانی سنوورێك بۆ هه‌ڕه‌شه‌كانی سوپای توركیا كه هه‌ڵده‌ستێت به ڕاوه‌شاندنی كارتی شه‌رعیه‌تی كوده‌تا كردن به‌سه‌ر ژیانی سیاسی ئه‌و وڵاته‌دا، ئه‌ویش له ڕێگه‌ی په‌كخستنی داموده‌زگاكانی ده‌وڵه‌ت وه‌ك په‌رله‌مان و حكومه‌ت و سه‌رۆكایه‌تی كۆمار ئه‌ویش له كاتی لادانیان له فه‌رمانه قه‌ره‌قوشییه‌كانی سوپا كه سه‌رده‌مییان به‌سه‌رچووه و له‌گه‌ڵ ئه‌خلاقیاتی سیاسی باو له ده‌وڵه‌ته ئه‌وروپییه‌كاندا یه‌كناگرنه‌وه، چونكه ئه‌و ده‌وڵه‌تانه ئه‌مجۆره عه‌قڵیه‌ته كوده‌تاییه‌یان تێپه‌ڕاندووه، چونكه سه‌رده‌می به‌سه‌رچووه.
10- داوای لێبووردن كردن له گه‌لی ئه‌رمه‌نی له توركیا كه له سه‌ره‌تاكانی سه‌ده‌ی ڕابردوودا ڕووبه‌ڕووی گه‌وره‌ترین تاوانی جینۆسایدی به‌كۆمه‌ڵ بوونه‌وه ، نه‌ك به ته‌نها ئه‌وه، به‌ڵكو پێویسته توركیا ماف و ئیعتیبار بۆ خاوه‌نه‌كانی بگێڕێته‌وه ئه‌وانه‌ی كه له په‌راوێزی جیاوازی ئاینیدا تیاداچوون.
ئه‌م (10) خاڵه‌ی باسیان لێوه‌كرا و چه‌ندین كارئاسانی تریش له‌سه‌ر ڕێڕه‌وه‌ی ئه‌وروپا كه توركیا به كۆسپ و ته‌گه‌ره‌یان داده‌نێت له‌سه‌ر ڕێگه‌ی به ئه‌ندامبوونی توركیادا، تێكڕایان به كلیلی خۆبینینه‌وه‌ی توركیا له ئامێزی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ده‌ژمێردرێن كه له لایه‌ن خۆیه‌وه پێشوازی ده‌كه‌ن له له‌خۆگرتنی توركیای دیموكراسی و عه‌لمانی نه‌وه‌ك توركیای ئه‌تاتۆركی!.
كه‌واتا ئایا ئه‌م میراتگره عوسمانیه ده‌توانێت به‌خۆیدا بچێته‌وه و ڕێز له ویست و ئیراده‌ی خه‌ڵكانی تر بگرێت و ئه‌وه‌ی لێی داواكراوه و بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیه‌تی قبوڵی بكات؟
یاخود سروشتی تۆرانیزم هه‌ر زاڵ ده‌بێت به‌سه‌ر سروشتی ئه‌وروپیدا و توركیاش هه‌روه‌كو تامه‌زرۆ كارێك بۆ گه‌یشتن به په‌رله‌مانی ئه‌وروپا ده‌مێنێته‌وه، ئه‌و په‌رله‌مانه‌ی كه ئێستا لێی قه‌ده‌غه‌یه؟
هه‌رچه‌نده خه‌ڵكی توركیا له هه‌موو كه‌س باشتر له حاڵی خۆیان شاره‌زان، بۆیه لێره‌دا ته‌نها ئه‌و لێدوانه‌ی ئه‌ندامێكی پێشووی په‌رله‌مانی توركیا خاتوو (له‌یلا زانا) ده‌هێنینه‌وه یاد كه پێشتر ده‌ستگیر كرابوو ئێستاش حوكمی به‌سه‌ردا دراوه و له‌مباره‌یه‌وه شاره‌زایه، كاتێك له وته‌كه‌یدا له‌به‌رده‌م په‌رله‌مانی به‌ریتانیادا دووپاتی كرده‌وه و وتی"ئه‌گه‌ر توركیا ده‌یه‌وێت ببێته ئه‌ندام له یه‌كێتی ئه‌وروپادا ئه‌وا پێویسته له‌سه‌ری هه‌نگاوی پانتر و فراوانتر هه‌ڵێنێت له‌سه‌ر ڕێگه‌ی ئازادی و مافه‌كانی مرۆڤ، بۆیه توركیا ناگاته هێنانه‌دی خه‌ونی به ئه‌ندامبوونی له په‌رله‌مانی ئه‌وروپا مادامه‌كی پێدانی مافه‌كانی گه‌لی كورد له مه‌زه‌نده‌ی خۆیدا به‌دوور ده‌زانێت".
له دوا ئه‌نجامدا ده‌توانین بڵێین كه ڕێگه‌ی په‌ڕینه‌وه‌ی توركیا به‌ره‌و یه‌كێتی ئه‌وروپا به ده‌روازه‌ی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی كوردی كوردستانی توركیادا تێده‌په‌ڕێت.
ليست هناك تعليقات:
إرسال تعليق